سزای سێدارەی ئەنوەر خزری بەندکراوی مەزهەبی لە بێدەنگیدا جێبەجێ کرا

IMG_0575

سزای سێدارەی ئەنوەر خزری، بەندکراوی مەزهەبی کورد و خەڵکی مەهاباد لە دوای نزیک بە ١٥ ساڵ بەندکران، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج، جێبەجێ کرا. لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو سزای سێدارەی داوود عەبدوڵڵاهی، قاسم ئابەستە، فەرهاد سەلیمی و ئەیووب چوار سێ بەندکراوی دیکەی هاودۆسیەی ناوبراو جێبەجێ کرابوو.ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١ی مەی ٢٠٢٤) سزای سێدارەی ئەنوەر خزری بەندکراوی مەزهەبی کورد و خەڵکی مەهاباد لە حاڵێکدا، پازدەهەمین ساڵ بەندکرانی بە بێ هەبوونی مافی مەرەخەسی تێپەر دەکرد، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەنوەر خزری ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوویەوە و بنەماڵەکەی بە مەبەستی ئاخرین دیدار لەگەڵی لە مەهابادەوە چووبوونە کەرەج، بەڵام نەیانتوانیوە دوایین دیدار ئەنجام بدەن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو وێرای ئەوەی کە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەنوەر خزری بە توندی شەرمەزار دەکات، ڕایدەگەینێت کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لە پرۆسەیەکی ناڕوون، نادادپەروەرانە و نایاسایی لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

لە ماوەی پاییز و زستانی ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی چوار کەسی دیکە لە هاودۆسیەییەکانی ئەنوەر خزری بە ناوەکانی فەرهاد سەلیمی، قاسم ئابەستە، داوود عەبدوڵڵاهی و ئەیووب کەریمی هەر لەو بەندیخانەیە جێبەجێکراوە.

فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، قاسم ئابستە، خەسرەوە بیشارەت، کامران شێخە و ئەیووب کەریمی، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٠٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواسترانەوە.

ئەو بەندکراوانە بەتۆمەتی دۆسیەی کوژرانی “عەبدولڕەحیم تینا”، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە بو تۆمەتی وەکوو “کردەوەی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی”، “چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت”، “ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان” و “افساد فی الارض” سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەو ٧ بەندکراوە مەزهەبییە کوردە کۆتایییەکانی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧١٥ بەڕێوەچوو و ٥ی خەرمانانی ساڵی ٢٧١٦ سزاکەیان بە شێوەی فەرمی پێڕاگەیەندرا.