سزای سێدارەی بەندکراوێک لە پێش چاوانی خەڵکدا جێبەجێ کرا
سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی محەممەد عەلی سڵامەت لە شاری هەمەدان و لە پێش چاوانی خەڵک جێبەجێ کرا. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی وەکوو “دەستدرێژیی سێکسی” لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.کاتژمێر ٦ی بەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (١٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی پیاوێکی تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی هەمەدان بە ناوی محەممەد عەلی سڵامەت، لە باغی بەهەشتی ئەو شارە و لە پێش چاوانی خەڵکدا جێبەجێ کرا.
محەممەد عەلی سڵامەت کە بە ناوی عەلی سڵامەتیش ناسراوە، نزیکەی ١٨ مانگ پێشتر دەستبەسەر کرابوو. لە دوای دەستبەسەرکرانی عەلی سڵامەت نزیکەی ٢٠٠ دۆسیەی دەستدرێژی بۆ سەر ژنان دژ بە ناوبراو کراوە و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی “دەستدرێژیی سێکسی” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.