ئارمیتا گراوەند پاش ٢٨ ڕۆژ مانەوە لە بەشی چاوەدێریی تایبەتی نەخۆشخانەی فەجری تایبەت گیانی لەدەست دا
هەواڵێک سەبارەت بە “لەهۆشچوون”ی کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ لە مێترۆی تاران (هێڵی ٤٧ مێترۆ) و ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانەی فەجری هێزی ئاسمانی دوابەدوای “خەسارگەیشتن بە مێشک”ی بڵاو کرایەوە. ئارمیتا گراوەند و دوو کەسی دیکە لە هاوڕێکانی لە کاتێکدا کە مەقنەعەیان بە سەرەوە نەبووە “لەگەڵ هێزەکانی حکوومەت تووشی دەمەقاڵێ دەبن و ئەوان پاڵ بە ئارمیتاوە دەنێن و سەری لە ئاسنێک دەدا”، “دابەزینی زەختی خوێنیش بە هۆی خوێن لەبەر ڕۆیشتن لە نێو کەلـلەسەری” هاتووەتە ئاراوە.
ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٢، هەواڵدەریی کۆماری ئیسلامی (ئیرنا)، بەشێک لە فیلمی کامێرای چاوەدێریی مێترۆی گۆڕەپانی شوهەدای تارانی بە بێ ئەو بەشانەی کە کاتی هاتنەژوورەوەی ئارمیتا بۆ نێو وێستگە و واگۆنەکە نیشان دەدات، بڵاو کردەوە. پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی نێو واگۆنەکە و کاتی چوونەژوورەوەی ئارمیتا لەو بارەوە گرینگە کە گێڕانەوەی هەندێک لە شایەتحاڵان باس لە هەڵسوکەوتی هێزەکانی حکوومەت بە هۆی لەبەرچاونەگرتنی حیجاب لەلایەن ئارمیتا و هاوڕێکانی لەم دوو شوێنەدا دەکات.ئارمیتا گراوەند، لەدایکبووی ڕۆژی ١٣ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ە و بنەماڵەکەی خەڵکی کۆیەشتی لوڕستانن کە کۆچیان بۆ تاران کردووە.