گیلان؛ دەستبەسەرکرانی شەش چالاکی ژن بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەیان

5-fal-zan-gilan

شەش کەس لە چالاکانی ژن بە ناوەکانی جیلوە جەواهیری، نگین ڕەزایی، ئازادە چاوشیان، فرووغ سەمیع‌نیا، مەتین یەزدانی و شیوا شاە سیاە کە ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوون و سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەیان دەستبەسەر کران و بۆ بەندیخانەی لاکانی ڕەشت گواسترانەوە.
(١٣ی جولای ٢٠٢٤)، جیلوە جەواهیری، نگین ڕەزایی، ئازادە چاوشیان، فرووغ سەمیع‌نیا، مەتین یەزدانی و شیوا شاە سیاە لە چالاکانی ژنی دەستبەسەرکراوی ساڵی ڕابردوو، دوای بانگکران بۆ خانەی دادی ڕەشت دەستبەسەر کران و بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای بەندکرانەکەیان بۆ بەندیخانەی لاکانی ڕەشت گواسترانەوە.

بەپێی ئەو سزایەی کە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی شاری ڕەشت بە سەرۆکایەتیی مێهدی ڕاسخ دەرکرابوو، شیوا شاە سیاە خەڵکی لاهیجان، نگین ڕەزایی خەڵکی فوومەن، فرووغ سەمیع‌نیا، مەتین یەزدانی و ئازادە چاوشیان خەڵکی ڕەشت، هەر یەک بەتۆمەتی “پێکهێنانی باند و گرووپ بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات” ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران، بەتۆمەتی “ئەندامبوون لە گرووپە نایاساییەکان” ٢ ساڵ و ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ و سەرجەم هەر یەک سزای ٦ ساڵ و ١ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، سەختترین سزا واتا ٣ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانیان بۆ جێبەجێ دەکرێت.

هەروەها جیلوە جەواهیری خەڵکی ڕەشت، تۆمەتبارێکی دیکەی ئەو دۆسیە هاوبەشە بە تۆمەتی “چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت” سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەو پێنج کەسە ڕۆژانی ٢٥ و ٢٦ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو و لە ڕەوتی دەستبەسەرکرانی بەربڵاوی چالاکانی ژن لە گیلان دەستبەسەر کرابوون.

هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی پووشپەڕ زۆهرە دادڕەس و زەهرا دادڕەس، دوو خوشکی خەڵکی ڕەشت بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەیان دەستبەسەر کراون و بۆ بەندیخانەی لاکانی ڕەشت گواستراونەتەوە.