هەشتەمین مانگی دەستبەسەربوون و ناڕوونیی چارەنووسی ماشەڵڵا کەرەمی، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج
ماشەڵڵا کەرەمی، ئەندامی بنەماڵەیەکی دادخوازی کوردستان و باوکی محەممەدمەهدی (کۆمار) کەرەمی، گیانبەختکردووی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ماوەی ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژە دەستبەسەر کراوە. ئەم باوکە دادخوازە لە دوو دادگای شۆڕش و تاوانەکانی ئێراندا چوار تۆمەت دراوەتە پاڵی و ئەگەری سەپاندنی سزای قورس بەسەریدا هەیە..هەنگاو: مەشاڵڵا کەرەمی، ئەندامی بنەماڵەی دادخواز و باوکی محەممەدمەهدی (کۆمار) کەرمی، ماوەی ٢٢٥ ڕۆژە دەستبەسەر کراوە و لەژێر گوشاری دەروونیی چڕوپڕی ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێراندایە.
ماوەیەک پێش ئێستە عەلی شەریفزادە ئەردەکانی، پارێزەری مەشاڵڵا کەرەمی، وتی: لە بەندیخانەی کەرەج چاوم پێی کەوتووە و بەگشتی باری تەندروستیی ناوبراو باش بووە، بەڵام پڕ بوو لە خەم و پەژارەی دوورکەوتنەوە لە منداڵ و بنەماڵەکەی و کۆمەڵگاکەی.
ئەم پارێزەرە هەروەها ڕایگەیاندووە: “خەم و نیگەرانیی ئێمە لەم بارودۆخەی ئێستەدا زیاتر لەسەر هاوژینەکەیەتی، کە بەداخەوە لە دۆخێکی دەروونیی باشدا نییە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە لایەک کوڕەکەی لەدەست داوە و لە لایەکی دیکەشەوە، هاوژینەکەشی لە بەندیخانەیە.”
ماشەڵلا کەرەمی لەلایەن دادگای شۆڕشی پارێزگای ئەلبورز، دوو تۆمەتی “چالاکی و پڕوپاگەندە دژ بە کۆماری ئیسلامی” و “پێکهێنانی باند و گرووپ” بەسەردا سەپاوە و هەروەها لە دادگای تاوانەکانی ٢ی پارێزگای ئەلبورز، دوو تۆمەتی “بەدەستهێنانی سامانی نایاسایی” و “بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە”ی بەسەردا سەپاوە.
دادگای تاوانەکانی ٢ی شارستانی نەزراباد کاتی دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی ئەو هاووڵاتییە، ٢٩ی خاکەلێوەی ئەمساڵ دیاری کردووە و دادگای شۆڕشی کەرەج تاکوو ئێستە کاتی دانیشتنی ئەم دۆسیەیەی دیاری نەکردووە.ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان، لە حاڵێکدا کە چارەنووسی لە ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج ناڕوونە کە گوشارەکان لەسەر باقی ئەندامانی بنەماڵەکەی زیاتر کراوە و هەژمارە بانکییەکەیان داخراوە. هەروەها کەلووپەلە دیجیتالییەکانیان لێ وەرگیراوە و هێشتا پێیان نەدراوەتەوە و لە دەستی وەزارەتی ئیتلاعاتدایە.کەرەمی، کوڕی ماشەڵڵا و هاوژینەکەی لەژێر گوشاری چڕوپڕی ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندا بوون و هەڕەشەیان لێ کراوە کە نابێت هیچ جۆرە زانیارییەک لەسەر ڕەوتی ئەو دۆسیەیە و بارودۆخی دەستبەسەربوونی ماشەڵڵا کەرەمی بڵاو بکەنەوە.
ماشەڵڵا کەرەمی ڕۆژی ٦ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کەرەج بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواستراویەوە. چەند ڕۆژ پێش ئەوەش، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو بنەماڵە دادخوازە و دوای پشکنینی ماڵەکە، ژمارەیەک لە کەلووپەلی تاکەکەسیی محەممەد مەهدی کەرەمییان لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
هەروەها ئەمیرحوسێن کووهکەن، پارێزەری بنەماڵەی کەرەمی، پاش ئەوەی ڕۆژی ٨ی خەرمانان بانگ کراوە، دەستبەسەر کراوە و تاکوو ئێستاش لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کەرەج لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە.
محەممەدمەهدی (کۆمار) کەرمی، لاوی کوردی خەڵکی شاری بیجاڕ و تەمەن ٢١ ساڵ، لەگەڵ محەممەد حوسێنی، تۆمەتبارێکی سەرەکیی دیکەی ئەو دۆسیە بەناو “کوشتن”ی ڕوحوڵڵا عەجەمیان، لە ئەندامانی بەسیج، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا و دوای ئەوەی کە بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە درابوون، بەرەبەیانیی ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لەسێدارە دران.