جێبەجێکرانی نهێنی سزای سێدارەی ئیسماعیل فکری بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل

IMG_4158

هاوکات لەگەڵ چوارەمین ڕۆژی شەڕی نێوان وڵاتانی ئێران و ئیسرائیل، هاووڵاتییەکی خەڵکی تاران بەناوی ئیسماعیل فکری کە پێشتر بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لەسێدارە درا. هەنگاو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوانەی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە هۆشداری داوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە (۱۶ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی ئیسماعیل فکری، لاوی تەمەن ۳۰ ساڵی خەڵکی تاران کە دوو ساڵ پێش دەستبەسەر کرابوو، بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی پێشتر لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.

هەواڵنێری تەسنیم، هەواڵنێری پەیوەندیدار بە سوپای پاسداران، بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاندووە “ئیسماعیل فکری لە ماوەی هاوکاری لەگەڵ مووساد هەوڵی داوە زانیارییە چینبەندیکراو و هەستیارەکانی ئێران وەکوو شوێن و بنکە هەستیارەکان و زانیاری لەسەر کەسانی تایبەت، بە دوژمنەکانی کۆماری ئیسلامی بدات و خەڵات وەربگرێت.”