سزای سێدارەی عەلی ئاقاجری پەیوەند، بەندکراوی ٢٢ ساڵەی لوڕ کە پێشتر بە هۆی «کوشتنی بە ئەنقەست» سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەهواز جێبەجێ کرا. ناوبراو لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکە ١٧ ساڵە بووە.

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە  سزای سێدارەی عەلی ئاقاجری پەیوەند، لاوی ٢٢ ساڵە و خەڵکی شاری بێهبەهان سەر بە پارێزگای خوزستان لە بەندیخانەی سپیدار، بەندیخانەی ناوەندیی ئەهواز جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە لە کاتێکدا لە تەمەنی ٢٢ ساڵەییدا جێبەجێ کراوە کە ناوبراو، پێنج ساڵ پێش لە تەمەنی ١٧ ساڵەییدا، لە پێکدادانێک لەسەر زەویی جووتیاریی بە شێوەی نەخوازراو تووشی کوشتنی کەسێک بوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو.

هەواڵی لە سێدارە دانی ئەم منداڵە تاوانبارە تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیاکانی حکومەتی بە تایبەت میدیاکانی پەیوەندیدار بە دەزگای دادوەریی بڵاو نەکراوەتەوە.

کنوناسیۆنی مافی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە لایەن زۆرینەی وڵاتەکانی دونیا واژۆ و پەسەند کراوە، ڕاشکاوانە گەڕەنتی مافی سەرەکیی منداڵانی کردووە کە بریتییە لە قەدەغە کردنی کەڵک وەرگرتن لە سزاگەلی قورس و بێڕەحمانە، وەک سێدارە، بۆ کەسانی ژێر ١٨ ساڵ، بەڵام لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هێشتا سزای سێدارەی منداڵانی تاوانبار جێبەجێ دەکرێ.