ڕێبوار مارابی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کامێران و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار لە تاران، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
، ڕێبوار مارابی، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی گوندی مارابی سەر بە کامێران و دانیشتووی تاران، لەلایەن دادوەر محەممەدرەزا عەمووزاد، سەرۆکی لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل” سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
ڕێبوار مارابی لە ماوەی دەستبەسەرکران و بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاشدا، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕێبوار مارابی زیاتر لە مانگێکە لە بەندیخانەی تاران ناوەندی (فەشافوویە) ڕاگیراوە و تا ئێستاش هەر لەوێدایە.
ئەم سەرچاوەیە ئەوەشی زیاد کرد کە ڕێبوار ساڵانێکی زۆرە وەک سەرئاشپەز لە تاران خەریکی ئیشوکارە و ماڵەکەشی هەر لەو شارەیە، کەچی بەوە تۆمەتبار کراوە کە تەنیا بۆ هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و بە مەبەستی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکاندا چووەتە تاران.
