حوسێن دەوڵەتخا، کۆڵبەری خەڵکی ماکۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە سنووری ماکۆ گیانی لەدەست دا. شایانی باسە وەحید دەوڵەتخا، برای ١٨ ساڵەی حوسێن دەوڵەتخا، سێ ساڵ لەمەوبەر لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرابوو.
ڕۆژی سێشەممە حوسێن دەوڵەتخا، باوکی سێ منداڵ و خەڵکی گوندی یارمەق (یاریم قیە) سەر بە ماکۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی تورکیا کوژرا.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، حوسێن دەوڵەتخا لە کاتی کۆڵبەری لە ناوچەی سنووری ماکۆ و لە کاتێکدا لە ناو خاکی ئێراندا بووە، کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی تورکیا.
تەرمی حوسێن دەوڵەتخا کە دوێنێ گوازرابووەوە بۆ نەخۆشخانەی فەجری ماکۆ، ڕۆژی چوارشەممە لە گوندی زێدی خۆی بە خاک سپێردرا.
بەرپرسانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر بە کوژرانی ئەم کۆڵبەرە گەنجە لە ناو خاکی ئێراندا و بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی تورکیا، نیشان نەداوە.
