سنە؛ سومەیە شەفیعی، خوێندکاری زانکۆ بەهۆی گوشار و هەڕەشەی بەرپرسانی زانکۆ هەوڵی خۆکوشتنی دا
سومەیە شەفیعی، خەڵکی سنە و خوێندکاری تێرمی کۆتایی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان، لە دوای گوشار و هەڕەشەی بەردەوامی بەڕێوەبەری گرووپ و بەرپرسی زانکۆی تەندروستی هەوڵی خۆکوشتنی دا. بارودۆخی ئەو خوێندکارە بە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
(١٠ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، سومەیە شەفیعی، تەمەن ٢٤ ساڵ و خوێندکاری بواری ئەندازیاری تەندروستیی ژینگە، لە سەر بینایەکی نیوە کارە لە دەوروبەری زانکۆی تەندروستیی سنەوە خۆی بەرداوەتەوە و بەو شێوە هەوڵی خۆکوشتنی داوە.
بەوتەی یەکێک لە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە، سومەیە شەفیعی لەسەر خولی فێرخوازی لەگەڵ بەڕێوەبەری گرووپی بواری ئەندازیاریی تەندروستییدا کێشە و ناکۆکییان بووە و دوای ئەوە لەلایەن سەرۆکی زانکۆ بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی ئەو تێرمە لە خوێندنەکەی لەژێر گوشار داندراوە.
سومەیە شەفیعی ئێستا بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە و دوایین بارودۆخی ناوبراو بە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.